تاریخچه سردشت از زبان فریدون حکیم زاده
مێژووی شاری سه‌رده‌شت له زمان به‌ڕێز فه‌ره‌یدون حه‌کیم‌زاده
ئه وه ی ده ی بینن ده قی بابه‌ته‌که‌ی نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان به‌ڕێز فه‌ره‌یدون حه‌کیم‌زاده که له هه‌مایشی (شهراندیشی: چالش‌ها و چشم‌اندازها) پێشکه‌ش کرا
و به‌م هۆیه که بابه‌ته‌که له روانگه‌یی مێژووی شاری سه‌رده‌شت‌ته‌وه به جوانی دواوه لێره‌دا بڵاوی بکه‌ینه‌وه.
به نێوی خوای گه‌وره و دلۆڤان
ئازیزان، خۆشه‌ویستان ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌تانهه‌وێ گوێ بی‌سی مێژووی میلله‌تێک بن. پێش هه‌رشتێک ده‌بێ بڵێم چاوه‌ڕوانی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی چڕ و ورده ریشاڵی ورد نه‌بن. وتاری ئه‌م جاره چڕ کردنه‌وه‌ی چه‌ند روداوگه‌لی مێژوویی شارێکه که به داخه‌وه مه‌زنه‌پیاوان و ژنانی ته‌نیا به‌وه رازی بوون که له ناو سینگیان‌دا بیانپارێزن یان ته‌نانه‌ت که‌سی ده‌روه‌ست نه‌بووه سه‌ری پێوه‌بێشێنێ و تۆمارکه‌ری ئه‌م وته به‌نرخانه بێ. ئه‌وه‌ش ئه‌و قه‌یرانه مه‌نشووره‌یه که به داخه‌وه وه‌ک مڵه که‌وتۆته گیانی ته‌مبه‌ڵ و راحه‌ت ته‌ڵه‌ب و ده‌ست و پێ سپیلکه‌کان که ده‌گه‌ڵکوو داوای کار و ماندوو بوون بۆ فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و مێژووی میلله‌ته‌که‌یان کرا، ده‌ڵێن کوا کات، بۆ ژیان لێ ده‌گه‌ڕێ؟ به‌ڵام ساعه‌تها چاو له فیلم ده‌که‌ین و ساعه‌تهاش دۆمینه ده‌که‌ین. به وته‌یه‌ک مێژوو ئه‌وه‌نیه که ده‌مانهه‌وێ روی بدا به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه که قه‌وماوه.
له کتێبه مێژوویه‌کانی سه‌ده‌ی سێ و چوار و پێنج‌دا به‌تایبه‌ت له کتێبی (مسالک و ممالک)دا زۆر له سه‌ڵق قسه کراوه. کۆمه‌ڵێک له پسپۆڕانی مێژووناس له رووی نه‌خشه(خه‌ریته)ناسی‌یه‌وه سه‌ڵق له گه‌ڵ سه‌لک،سێ‌لک یان سه‌رده‌شتی ئێستا یه‌ک ده‌زانن. واتای سه‌ڵق ده‌بێ سێ‌لک یان سێ‌ڕێیان بێ. کاتی خۆی سه‌رده‌شت مابه‌ینی سێ ناوچه‌ی گرنگی شاره‌زوور، مه‌راغه و دینوه‌ر بووه و وه‌ک پردێک گرنگایه‌تی خۆی هه‌بووه. ئه‌بودۆڵف له لاپه‌ڕه 54ی سه‌فه‌رنامه‌که‌ی خۆیدا ده‌نووسێ: له مه‌ڕ کورده‌کانی(هذبانی) گونده‌کانی وێ واته حدودی سڵق و دینوه‌ر و شاره‌زوور به‌ربڵاو کراوه‌ته‌وه. چۆمی کوڕماس، گڵاس یان زابوس منیرو (که‌ڵوێی ئه‌وڕۆیی) له ده‌وره‌ی حوکوماتی ئه‌شکانیه‌کاندا گرنگایه‌تیه‌کی بێ وێنه‌ی هه‌بووه. بۆ وێنه ساڵی 49ی زایین گوده‌رز بۆ تێکشکانی سوپای مێهردادی پێنجه‌م کوڕی ونونس گه‌ڵاڵه‌یه‌ک به‌ڕێوه ده‌با و سوپای مێهرداد به‌ره‌و چۆمی زابوس منیرو (که‌ڵوێی ئه‌وڕۆ) ده‌ره‌تێنێ و پاشان خۆی له سه‌ر چیای زانبوس (زمزیرانی ئێستا) سه‌قامگیر ده‌بێ و مێهرداد تێک ده‌شکێنێ. له باری سوپاییه‌وه، چیای زانبولوس به سه‌ر رۆژئاوا و ته‌واوی مه‌ڵبه‌ندی سه‌ڵق و لاجان و هیولان (ئالانی ئێستا)دا زاڵ بووه.
سلمانازار کوڕ و جێ‌نشینی (ئاشور نازیرپال- ئاشورپانیپال) پاشای ئاشور له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆی پێش زایین له سه‌فه‌رێکدا بۆ کوردستان له پارس و ماده‌کان به له‌فزی پارسوئا و ئامادا یاد ده‌کا. له ساڵی 859ی پێش زایین هێرش ده‌کاته سه‌ر وڵاتی زاموا و تاکێوی سوڵجه و گڵه‌زه‌رد داگیر ده‌کا. پێشتریش ساڵی 844ی پێش زایین هێرش ده‌کاته سه‌ر پشده‌ر و سه‌رده‌شت که ئه‌ده‌م (نامری) بێژ ده‌کرا. پاشای نامری مه‌ردوخ مودامیخ خۆی له‌و کاره‌ساته ده‌رباز ده‌کا. ئه‌و رووداوه مێژوویانه هه‌موو له ده‌وروبه‌ری زێی بچوک، زاب یان چۆمی که‌ڵوێی خۆمان قه‌وماوه که لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد و هه‌نگاو به‌هه‌نگاوی ده‌وێ تا بتوانین له‌و له‌ته کوتاڵانه لێفه‌یه‌ک دروست که‌ین و تاریخێکی پوخت و پاراوی لێ ساز بکه‌ین.
به‌داخه‌وه رابردوانمان نه‌یانتوانیوه ئه‌م ئه‌رکه وه‌ئه‌ستۆگرن و زۆر روداوی مێژوویی له‌و بێ فیکریه‌دا تێدا چوون. با ئێمه‌ش له داهاتوودا نه‌که‌وینه به‌ر ته‌وس و توانج و بتوانین شتێک ساغ که‌ینه‌وه بۆ شاره‌که‌مان. زاڵ بوونی زبانی عه‌ڕه‌بی و فارسی و باونه‌بوونی نووسینی یادداشت یا مێژووی روداوێک خه‌سارێکی یه‌کجار زۆری له مێژووی گه‌لی کورد داوه. ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تی گه‌وره و مه‌زن و گه‌وره‌پیاوانی وه‌ک ئیبنولحاج سنجوه‌یی، مه‌لا عه‌بدوڵڵا و مه‌لا مه‌حمودی بێتوشی، مه‌لا ئه‌حمه‌د ئه‌شکه‌یی و مه‌لا عزیز واعیزی و عه‌زیز خان موکری، موسی خانی موکری و مه‌لا وسوی اصم و زۆر رۆشنبیری خۆوه‌ڵاتی، به‌ینه به‌ر زه‌ین بۆ ته‌نانه‌ت یه‌ک لاپه‌ڕه مێژووی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌یان نه‌نووسیوه‌ته‌وه؟ هاتنی هێزه‌کانی مه‌غول بۆ ناوچه و هاتووچویان له ته‌ک خوالێخۆشبوو مه‌لا وسوی ئه‌سه‌م (وسوه‌که‌لی) شه‌ڕی گشتی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی، هاتنی هێزه‌کانی روس بۆ ناوچه‌ی موکوریان و سه‌رده‌شت، هه‌ڵس و که‌وتی هێزه‌کانی عوسمانی له ته‌ک خه‌ڵکی سه‌رده‌شت و په‌یوه‌ندیان له ته‌ک چه‌ند که‌س له خه‌ڵکه‌کانی گوندی سه‌رده‌شت. هێرشی هێزه‌کانی هۆزی پشده‌ر بۆ سه‌رده‌شت و شه‌ڕ کردنیان له گه‌ڵ هێزه‌کانی روس، شوڕشی گه‌وره‌ی مه‌لا خه‌لیلی میراوێ دژی ره‌زاشا و شۆڕشی ئه‌مه‌ر پاشای قه‌ڵه‌ڕه‌شی (ئه‌مه‌ر حه‌مه سوور) و زۆر رووداوی‌تر ده‌یتوانی هه‌وێنی نووسینی ئه‌و گه‌وره پیاوانه بێ که به‌داخه‌وه له باتی خزمه‌ت به فه‌رهه‌نگ و کلتور و مێژوویی میلله‌تی خۆیان سه‌ریان له ناو ده‌قه ره‌ق و ته‌قه‌کانی عه‌ڕه‌بی و تازی قاڵ کردووه و ته‌نانه‌ت ده‌یانتوانی له په‌نا ئه‌و ئۆگریه‌ش ئاوڕێکیش له کوردی کڵۆڵی هه‌ڵوه‌دای ئه‌وده‌م بده‌نه‌وه.
جێی خۆیه‌تی که خانای قوبادی ره‌حمه‌تی ده‌فه‌رمووێ:
هه‌رچه‌ند مه‌واچان فارسی شیرین شکه‌ره‌ن
به‌ڵام جه‌لای من کـــــــــــوردی شیرین ته‌ره‌ن
له ئاخر و ئۆخری سه‌ده‌ی یه‌که‌می زایین‌دا وڵاتی ئه‌رمنستان و کوردستان و (ماد)ی بچووک به‌رهێرشی قه‌ومی ئالان و گورجی که‌وتن و تاڵان کران. هۆزی ئالان، یاری/ ئاریایی و ئێرانی بوون. له پێشدا له نزیک ده‌ربه‌ندی داریاڵ ده‌ژیان، پاشان ورده ورده تا ولگا بڵاوه‌یان کرد. له دوای سه‌ده‌ی 7ی کۆچی، عێڵی مه‌غول ئه‌وێیان کرده جێی رمبازێنی خۆیان و ئالانه‌کان بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئێران توور دران. که له دوو به‌شی ئێران و عێڕاق نیشته‌جێ بوون. به‌شی عێراق که‌وتنه به‌ر هێرشی رژیمی به‌عس و به بۆبارانی گوند و زێده‌کانیان په‌ڕیوه‌ی شاروگوندی عێڕاق کران و لێک هه‌ڵبڕان و له توێی زه‌مه‌ن‌دا قاڵ بوونه‌وه.به‌ڵام به‌شی کوردستانی ئێران وه‌ک خۆیان مانه‌وه و له مه‌ڵبه‌ندی ئالان و ناوچه ده‌ژین.
ساڵی 1246ی کۆچی مانگی_ 1205ی کۆچی هه‌تاوی، 184 ساڵ له‌مه‌وپێش شامورادبه‌گ (میری ره‌واندز) هێرش ده‌کاته سه‌ر سه‌رده‌شت و مه‌هاباد و لاجان و ئه‌م ناوچانه داگیر ده‌کا. فه‌تعه‌لی شا له گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه ئاگاداری هێرشه‌که ده‌بێ خوسره‌وخان له ته‌ک سوپای ئه‌رده‌لان ده‌نێرێته سه‌رده‌شت و مه‌هاباد، میری ره‌واندز هه‌ڵدێ به‌ڵام خوسره‌خان تا کۆیه و حه‌ریر شوێنی ده‌که‌وێ و سی هه‌زار تمه‌نی جه‌ریمه ده‌کا.
روداوه‌کانی سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ر به کورتی و به چه‌شنی ئاماژه‌یی له تاقمێک له کتێبه مێژوویه‌کاندا هاتووه.که ئه‌زتوانیم کۆکردنه‌وه‌یه‌کم هه‌بێ و له ته‌ک چه‌ند سه‌نه‌د و وێنه‌ی مێژوویی له کتێبی سه‌رده‌شت له ئاوێنه‌ی به‌ڵگه مێژوویه‌کاندا به چاپی بگه‌یێنم.
ئازیزان، دۆستان، ئه‌رکه تا ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن باپیر و نه‌نک یان باوک و داکی پیرن ته‌نانه‌ت یه‌ک رووداو یان نوکته‌ش بێ لێیان تۆمار بکه‌ن تا له داهاتوودا به ئه‌ژنۆی خۆمان دانه‌ده‌ین و په‌کوپه‌کومان نه‌بێ. هیوادارم به زووترین کات ئه‌و فه‌رهه‌نگ سازیه بکرێ. ژیان له سه‌ر که‌مته‌رخه‌می ئێمه راناوه‌ستێ تا ئێمه به هۆش به‌ینه‌وه، کاروانی ژیان له رێی دایه و ئه‌وه رێبواره‌کانن که ده‌بێ ماندوونه‌ناسانه فکرێک بۆخۆیان بکه‌نه‌وه. ئێمه به‌رپرسین له داهاتوو، جا ئه‌گه‌ر خزمه‌تێکمان له ده‌ست دێ خۆمان قوتار نه‌که‌ین. چ جای ره‌وایه پشت گوێ خرێ؟ کورد گوته‌نی: نان ئه‌و نانه، ئه‌وڕۆ له خوانه.
وه رگرتوو له ماڵپه ڕی سه رچاوه